سبەی یەكەمجارە لەمێژوو سەرۆك كۆماری سوریا دەچێتە كۆشكی سپی
Автор: Aza Press
Загружено: 2025-11-10
Просмотров: 39
سبەی یەكەمجارە لەمێژوو سەرۆك كۆماری سوریا دەچێتە كۆشكی سپی
مەرجی ئەمریكا بۆ دیمەشق، دژایەتیكردنی تیرۆرو لاوازكردنی هەژموونی ئێران و توركیایە
هیچ پێشكەوتنێك لەتێكەڵكردنەوەی هەسەدە لەگەڵ وەزارەتی بەرگری سوریادا نییە
دیمەشق خۆی لەرێككەوتن لەگەڵ هەسەدە دەدزێتەوەو چاوەڕێی رێككەوتنە لەگەڵ ئەمریكا
تائێستا لەرۆژهەڵاتی فورات دامەزراوەكانی دەوڵەت و تەنانەت خوێندنگاكانیش نەكراونەتەوە
ئەحمەد شەرع لەوە گەیشت كە بێ ئەمریكا هیچی پێناكرێت، بۆیە دەیەوێت دەرگاكە بكاتەوە
ئەمریكا لەوە دەگات بەرێككەوتن لەگەڵ شەرع ناتوانێت سەقامگیریی بۆ سوریا دابینبكات
بۆ كورد زۆر گرنگە دەستبگرێت مانەوەی هەسەدەو یەكڕیزی ناوماڵی كورد
.
✍️ سەرتیپ جەوهەر
بڕیارە سبەی ئەحمەد شەرع وەك یەكەم سەرۆكی سوریا لەمێژووی ئەو وڵاتە بچێتە كۆشكی سپی و لەگەڵ سەرۆكی ئەمریكا كۆببێتەوە.
هێشتا ئەجێندای سەردانی ئەحمەد شەرع بۆ واشنتۆن بڵاونەكراوەتەوە، بەڵام لابردنی سزاكانی سەر ئەحمەد شەرع لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەرلەچەند رۆژێك ئاماژەبوون بۆ بەرەوپێشچوونی گفتوگۆكانی نێوان ئەمریكاو ئەحمەد شەرع لەبارەی داهاتووی سوریا.
بڕیاربوو تا كۆتایی ئەمساڵ هێزەكانی سوریای دیموكرات لەگەڵ وەزارەتی بەرگری سوریا یەكبخرێنەوە، بەڵام تائێستا هیچ لەگۆڕێ نییەو دیمەشق خۆی لەو یەكخستنەوەیە دەدزێتەوە. ئەم خۆدزینەوەیەش بۆ دوو هۆكاری سەرەكیی دەگەڕێتەوە، یەكەمیان؛ لەم قۆناغەدا ئەمریكا رێنادات هێزەكانی سوریای دیموكرات ببنە بەشێك لە وەزارەتی بەرگری سوریا بەوشێوەیەی ئەحمەد شەرع دەیەوێت. دووەمیشیان؛ فشاری توركیا فشار لەدیمەشق دەكات و رێنادات هێزەكانی سوریای دیموكرات تایبەتمەندیی خۆیان هەبیت لەچوارچێوەی وەزارەتی بەرگریی سوریا. تائێستا هەموو دامودەزگاكانی دەوڵەت لەرۆژهەڵاتی فورات نەكەوتوونەتەوە كار، تەنانەت خوێندنگەكانیش داخراون و نەكراونەتەوە.
ئەم سەردانەی ئەحمەد شەرع بۆ واشنتۆن رووداوێكی نوێیە لەمێژووی سوریا، لێكدانەوەی زۆری بۆدەكرێت، پێدەچێت ئامادەكاریی پێشوەختەی بۆ كرابێت، بەتایبەت بەرلەماوەیەك وەزیری دەرەوەی ئیدارەی دیمەشق لەواشنتۆن بوو، مەرج و داخوازی ئەمریكا تێگەیشتوون، بۆیە پێشكەوتنی نوێ لەپەیوەندی نێوان واشنتۆن و دیمەشقدا روودەدات.
نزیكەی ساڵێك بەسەر رووخانی رژێمی ئەسەد تێپەڕیوە، هێشتا پێشكەوتنێكی ئەوتۆ لەدۆخی ناوخۆو باری ئابوریی ئەو وڵاتە دروستنەبووە، ئەحمەد شەرع لەوە گەیشتووە كە بەتەنها بەپشتیوانی توركیا ناتوانێت هیچ بكات، هاوكات بەبێ ئەمریكا ناتوانێت بەردەوامبێت و دۆخی سوریا لەخراپەوە بەرەو خراپتر دەڕوات، بۆیە هەوڵدەدات هەرچۆنێك بێت بەشێك لەداخوازیەكانی ئەمریكا جێبەجێبكات و بگاتە لێكتێگەیشتن تا لەم چەقبەستنە دەربازی ببێت. ئەگەر لەگەڵ ئەمریكا بگاتە لێكتبَگەیشتن دەرگای وڵاتانی عەرەبیشی بەروودا دەكرێتەوە.
بۆ كردنەوەی دەرگا بەرووی ئەحمەد شەرع، ئەمریكا زنجیرەیەك مەرجی هەیە، دیارترینیان بەدۆسیەی ئاسایش و دژایەتیكردنی تیرۆر بەتایبەت داعش دەستپێدەكات و دواتر بەئاساییكردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل و سنورداركردنی رۆڵی توركیا لەسوریاو دژایەتی هەژموونی ئێران و چارەسەری هەندێك پرسی ناوخۆ بەتایبەت بەشداری پێكهاتەكان.. تد.
گەورەترین گرفت و گرێی بەردەم ئەم دەسەڵاتدارێتیەی دیمەشق پرسی دژایەتیكردنی گروپە تیرۆریستیەكان و كێشەی چەكدارە بیانیەكانە، ئەمەجگە لەپرسی بەشداری پێكهاتە جیاوازەكان و فشاری توركیایە سەبارەت بەپرسی كورد.
بۆ دڵنیابوون لەهەڵوێستی دیمەشق، ماوەیەكە ئەمریكا بەهاوكاریی و هاوبەشی هێزەكانی سوریای دیموكرات زنجیرەیەك ئۆپراسیۆنیان لە بیابانی تەدمور لەناوەڕاستی سوریا لەبەری رۆژئاوای فورات جێبەجێكردووە. دەنگوباسێكی گەرموگوڕیش هەیە كە ئەمریكا هێزێكی تایبەتی بردۆتە دیمەشق و لەوێ بنكەیەكیان دروستكردووەو ژمارەیەك شەڕڤانی هەسەدەشیان لەگەڵ خۆیان بردووە، بەڵام ئەمریكا دەیەوێت ئەم هەواڵە رەتبكاتەوە.
ئەگەر كردنەوەی بنكەی سەربازی ئەمریكا لەدیمەشق دابمەزرێنێت، گۆڕانێكی ئیجگار گەورە دەبێت لەناوچەكە، چونكە سوریا بەتەواوی دەكەوێتە ژێر كاریگەری ئەمریكاو رۆڵی روسیاو ئێران و توركیا بەتەواوی لاواز دەبێت و لەبەرامبەردا ئەمریكا دەبێتە خاوەنی هەژموون و راگری هاوكێشەی چ لەناوخۆ یاخود دەوروبەر.
واچاوەڕوان دەكرێت دوای ئەم سەردانە واشنتۆن رێخۆشكەر بێت بۆكرانەوەی دەرگای پەیوەندی سوریا لەگەڵ ئەمریكاو بەشێك لە وڵاتانی ئەوروپاو عەرەبی، لەبەرامبەردا دیمەشق هەنگاوی عەمەلی بنێت بۆ جێبەجێكردنی مەرجەكانی ئەمریكا بەتایبەتیش لەپرسی دوورخستنەوەی چەكدارانی بیانیی و هەماهەنگیی لەبارەی دژایەتیكردنی تیرۆر.
Доступные форматы для скачивания:
Скачать видео mp4
-
Информация по загрузке: