ئاخر لێمان تێناگەن!
Автор: Nawa Mukerji
Загружено: 2024-10-18
Просмотров: 145
ئاخر لێمان تێناگەن!
ئەم هەوڵدانە زۆرەی ئێمەی کورد بۆ پەیامناردن و تێگەیاندنی نەیارەکانمانم زۆر لا سەیرە. پێم وایە ئێمە ئەمەندە دەمێکە پەیام دەنێرین و هەوڵی تێگەیاندنی ئەوانی تر دەدەین، کە شوێنی خۆمان لە بیر چووەتەوە و چیتر نازانین دەمانەوێت ئەوان لە چی تێبگەیەنین! زۆر گرنگی بەوە دەدەین خەڵکانی تر لێمان تێبگەن. کابرا هاتووەتە شارەکەمانەوە و داگیری کردووە، بەڵام ئێمە بۆ ئەوەی ئەو لێمان زویر نەبێت، یەکسەر زمانی خۆمانی بۆ دەگۆڕین و بۆی دەکەین بە قوربانی. لە کاتێکدا داگیرکەرەکەمان خۆی تەنها فێری وەڵامی «چۆنی»ی کوردی نەکردووە و بێزی نایەت وشەیەک کوردی بڵێت!
ئێمە هەر خەریکین زمانی خۆمان دەکەین بە قوربانیی «تێگەیشتن»ی دوژمنەکانمان، لە کاتێکدا هەرگیز دوژمنەکانمان لە ئێمە تێنەگەیشتوون، تێشگەیشتبن دۆخمانیان بۆ گرنگ نەبووە!
تێگەیشتن لە ویستەوە دێت، من زمانی لاتینی و ئیتالی نازانم، بەڵام ویستی تێگەیشتنم لە وێرگیلیۆس و دانتێ هەیە، بۆیە خۆم فێری لاتینی و ئیتالی دەکەم. داگیرکەرەکانمان ویستی تێگەیشتنیان لە ئێمە نییە.
پێت وایە فارس و عەرەب و تورک نازانن نەتەوەکەتیان داگیر کردووە؟ خاکتیان داگیر کردووە؟ سەرچاوەی سرووشتیی خاکی تۆ بە تاڵان دەبەن؟ نازانن کە زمانەکەت دەکوژن؟ پێویستە پێیان بڵێین: «مەکە، بەقوربان»؟ زۆر چاک دەزانن، بەڵام هەر دەیکەن. ئەگەر نەشزانن، بۆیان گرنگ نییە. بۆیە بە بڕوای من ئەو هەموو وزەیەی ئێمە تەرخانمان کردووە بۆ تێگەیاندنی نەیارەکانمان زۆربەی بە فیڕۆ دەچێت؛ دەکرێت ئەو وزەیە، یان بەشێکی، بۆ جێیەکی تر تەرخان بکەین. ناڵێم تێگەیاندنیان گرنگ نییە، بەڵکو دەڵێم زۆر خەریکی ئەم شتەین. ئێمە دەبێت ویستی سەربەخۆییمان هەبێت لە هەموو ڕووێکەوە، کار بۆ شکۆمەندکردنی خۆمان بکەین. ئەوان تێناگەن، کێشەی خۆیانە، سەدان ساڵە تێنەگەیشتوون، با هەر تێنەگەن.
Доступные форматы для скачивания:
Скачать видео mp4
-
Информация по загрузке: