هێدی: ناڕژێ ئەسرینی من هێندە ئەگەر دڵ داکەوێ...
Автор: Ahmad Saman
Загружено: 2018-05-31
Просмотров: 400
ناڕژێ ئەسرینی من هێندە ئەگەر دڵ داکەوێ
ماڵی دڵ وێران بێ ماڵوێرانی کردم ناسرەوێ
هێندە بێزارم دەڵیم دڵ هەر لە سینە بێنمە دەر
تا بزانێ من نەبێ ئەو ئاگرە کەس نایەوێ
باشە چاو تێ بینە دەیڕێژێتە داوێنم دەنا
گەنجی فرمێسکم هەموو تێدا دەچوو لێرە و لەوێ
بەژنی تۆ گەر سەروە سایەی خۆت لە سەر من کەم مەکە
ڕووت ئەگەر ڕۆژە عەزیزم مەیگرە با دەرکەوێ
دەفتەرم پڕ کردەوە و ئیستەش دلیلی وام نییە
فەرقی پێ دانێم لە بەینی خاڵی تۆ و خاڵی کەوێ
گەر پەرەنگی گوارەکەت ئاوا نەلەزێ لەو سەرە
دەرفەتی بۆ ماچ و کوڵمە گەزتنێ دەست ناکەوێ
من دەڵێم دڵ کۆرپەیە با لای-لایی بۆ بکەم
ئەو بە شیعری من کوڵی هەڵدەستێ ئیتر ناخەوێ
هەر دەبوو ڕۆژی هەوەڵ من دوو دڵم بێ و یەک زمان
تا لە ماڵێکدا ئەڤین و ئاوەزم نەبنە هەوێ
بسکەکانی تۆ گوڵم لاجانگی تۆیان گرتووە
بەو هەناسەی ساردە خۆ من ئەو تەمەم پێ ناڕەوێ
من بەیادی تۆوە گۆشێک و خەیاڵێکم بەسە
سووڕی ئەو چەرخە ئەگەر نەمخاتە گێژی گێژ ئەوێ
دوور لە خەڵکی دەس لە ئەستۆی یەک دەکەین ئەمن و خەیاڵ
کەس ئیتر بەو ڕازە نازانێ کە من لەو چم دەوێ
گەر بەڵێنم لێی بوێ دووبارە بۆ ژوانێکی تر
پێم دەڵێ شەوگار درێژە کوێ بڵێی من دێمەوێ
من لە سایەی زوڵفی تۆوە ڕۆژی ڕووناکم نییە
شیوەنم جا تازە کەڵکی چی هەیە نیوەشەوێ
ئەو وڵاتە ئەو کوڕەی ناوێ بە سەربەرزی نەژی
باوەشی دوژمن نەبێ نایبێ ئەوی کوردی نەوێ
تۆ پەژارەی چیتە [هێدی] دڵنیا بە چارەنووس
چاوەڕێتە ڕۆژێ هەر دێ کوردەواری سەرکەوێ
Доступные форматы для скачивания:
Скачать видео mp4
-
Информация по загрузке: